»  رەمەزان

بەرۆژووبوون لەسەر کێ واجبە ؟

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
وەک ئەرکێکی ئاینی لەسەر موسڵمانان پێویستە لە مانگی رەمەزان بەرۆژووبن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم ئەرکە لەسەر ھەموان وەک یەکە، بەڵکو لە ئاینی ئیسلام چەند مەرجێک داندراوە بۆ ئەو کەسانەی لەسەریان واجبە بەرۆژووبن لەوانەش :

موسڵمان بوون : رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزان تایبەتە بە مۆسڵمانان واتا ئەو کەسەی بەرۆژوو بێت پێیستە لەسەری موسڵمان بێت .

بالغ بوون : یەکێک لەو مەرجانەی کە پێویستە بۆ رۆژووەوان ئەوەیە کە گەیشتبێتە تەمەنی بالغ بوون، چونکە ئەم ئەرکە ئاینیە لەسەر منداڵان واجب نییە لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر ئەو کەسەی بەرۆژوو دەبێت لە ھەردوو رەگەز گەیشتبێتە ئەو قۆناغە، زانایانیش تەمەنێکی دیاریکراویان دیاری نەکردوە بۆ ئەم قۆناغە، بەڵکو لەلای کوڕان بەوە دیاری دەکرێت حاڵەتی (احتلام) ببینێت و لە لای کچان بەوە دیاری دەکرێت کە سووڕی مانگانە ببینێت .

مرۆڤێکی عاقڵ بێت : یەکێکی دیکە لەمەرجەکانی بەرۆژوو بوون ئەوەی کەسەکە عاقڵ بێت و تێگەیشتنی تەواوی ھەبێت، واتا ئەوانەی لەرووی عەقڵیەوە تەواو نین ئەم ئەرکەیان لەسەر نییە لەوانەش (شێت) یاخود ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان ھەیە ھەروەھا ھەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی زەھایمەر ھاتوون بەرۆژووبوون لەسەریان واجب نییە .

توانای رۆژوو گرتن : خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز چەند کەس و چینێکی دیاری کردوە کە بەرۆژووبون لەسەریان واجب نییە لەوانە نەخۆش و ئەوەی توانای نییە بەرۆژووبێت وەک کەسێکی بە تەمەن کە توانای ھیچ شتێکی نەماوە و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە و ھیچ ھیوایەک بۆ چاکبوونەوەیان نییە، لەم حاڵەتەش بۆ ئەم جۆرە کەسانە لە ئاینی ئیسلام چارەسەر داندراوە و دەتوانن لە بری بەرۆژووبون بە پارە رۆژووەکەیانقەرەبوو بکەنەوە جا چ بەپێدانی خۆراک بێت یا پێدانی بڕێک پارە بە ھەژاران و ئەمەش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە بە پێی حاڵەتی ماددی وڵاتەکە و کەسەکە دەگۆڕێت .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
2864بینین‌‌‌
3 ساڵ پێشتر - Apr 26 2021 1:55AM