»  ناودارانی كورد

به‌شێك له‌ قۆناغه‌كانی ژیانی سادق بەھائەدین

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

سادق بەھائەدین 
(١٩١٨ - ١٩٨٢)
توێژەر و لێکۆلەر و شاعیر مامۆستا سادق بەھائەدین لە ساڵی ١٩١٨ لە شارۆچکەی ئامێدی لە دایک بووە و یەکێکە لە ئەندامانی بنەماڵەی (کەتانی ). 
مێژوو نووسانی کورد دەڵێن بنەماڵەی کەتانی دەگەڕێنەوە سەر بنەماڵەی (باشکلا) کە لە دێر زەمانەوە لە ناوچەی ئامێدی نیشتەجیبوون. 
مامۆستا سادق سەرەتای خوێندنی لەلای باوکی بوو کە پیاوێکی ئاینی بوو و لەباوکییەوە فێری زانستەکانی ئاین و شەریعەت بوو ھەروەھا ھەردوو زمانی عەرەبی و تورکی لەباوکییەوە فێربوو. 
دواتر خوێندنی سەرەتایی لە ئامێدی تەواو کرد , ئینجا بۆ خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە شاری موسڵ لەساڵی ١٩٣٩ تەواو کرد . 
ئینجا بۆ تەواو کردنی خوێندن رووی کردە شاری بەغدا و خوێندنی خانەی باڵای مامۆستایانی لە ساڵی ١٩٤٤ تەواوکرد . 
دواتر وەک مامۆستا لە شارەکانی کەرکوک و سولەیمانی و ھەڵەبجە و دھۆک کاری کردووە , لەم ناوچانەش ھەستی نیشتمان پەروەری بڵاوکردەوە , لەبەر ئەمەش وەک سزادانێک گواسترایەوە بۆ شاری ھیت لە پارێزگای ئەنبار و دواتر  لەساڵی ١٩٥٦ گواستراوە بۆ شاری بەغدا . 
لەساڵی ١٩٥٩ وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی کوردی دامەزرا و ئینجا بووە مامۆستا لە بەشی کوردی کولێژی ئەدەبیات و تا ساڵی ١٩٦٦ لەم کارەی بەردەوام بوو ، دوای خانەنشین بوونی خۆی تەرخان کرد بۆ توێژینەوە لێکۆڵینەوە. 
گرنگترین کارەکانیش بریتی بوون لە : 
١.لێکۆڵینەوە لە دیوانی مەلای جەزیری ١٩٧٧ 
٢.(نەوبەھار ) ئەحمەدی خانی , لێکۆڵینەوە وشیکردنەوە ١٩٧٩ . 
٣. شاعیرانی کورد , لێکۆڵینەوە ١٩٨٠ 
٤. داب ونەریتی ھاوسەرگیری , دوای کۆچی دوایی کردنی لە ساڵی ١٩٨٤ چاپکراوە . 
٥. ھۆزانڤانێت کورد – پەرتوکێکی زۆر گرنگە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر ٢٠ شاعیری کوردی ناوچەی بادینانە لەگەڵ نمونەیەک لە شیعرەکانیان و گرنگترین شاعیرەکانیش بریتین لە (مەلای جزیری) و (فەقێی تەیران) و (عەلی حەریری) و (مەلای باتەیی) و (ئەحمەدی خانی) و (پەرتەوی ھەکاری ) و (شێخ غەیاسەدین نەقشبەندی) و (مەلا ئەنوەری مایی ) کتێبەکە لە ٦٢٤ لاپەڕە پێکھاتووە . 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4842بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Jan 6 2018 3:48PM