»  ناودارانی كورد

بەشێک لە ژیاننامەی مامۆستا ھێمنی شاعیر

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
بەشێک لە ژیاننامەی مامۆستا ھێمنی شاعیر 

مامۆستا ھێمن-ی شاعری ناوداری کورد، ناوی تەواوی محەممەدئەمین، کوڕی سەید حەسەنی شیخ ئیسلامی موکرییە، دایکی ناوی زەینەب ە، کچی شێخی بورھانە ھێمن لە شەوی ٤ لەسەر ٥ ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢١ لە گوندی لاچین-‌ی نزیک شاری مەھاباد لەدایکبووە.

 ھەر بە منداڵی دەخرێتە بەر خوێندن‌ و چەند ساڵ لە قوتابخانەی سەعادەت لە شاری مەھاباد دەخوێنێت، پاشان باوکی لە قوتابخانە دەریدەھێنێت‌ و دەینێرێت بۆ خانەقای شێخی بورھان، بە ‌مەبەستی ئەوەی کە لە دواڕۆژدا ببێتە مەلاو جێی مەلا جامی، باپیرە گە گەورەی، بگرێتەوە.

ساڵی ١٩٣٨ کە تەمەنی دەگاتە ١٧ ساڵی دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت‌ و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیلاناوێ. بە ڕۆژ لەگەڵ باوکیدا بە کشتوکاڵ و شەوانیش خۆ بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی فارسییەوە خەریک دەکات. وردەوردە ھاتوچۆی مەھاباد دەکات‌ و لەگەڵ کۆمەڵە لاوێکی ھوشیار و ئازادیخواز دەبێتە ھاوڕێ. ئەو لاوانە کتێب‌ و گۆڤارو ڕۆژنامەی کوردییان دەست دەکەوێت‌ و بۆ خوێندنەوە دەیاندەن بە ھێمن-یش.

ساڵی ١٩٤١ لەپاڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا دەست بە شیعرنووسین دەکات‌ و ھێدی ھێدی شیعرەکانی لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە. بەڵام باوکی پێی خۆش نابێت کە کوڕەکەی بە شیعر نووسینەوە خەریک بێت‌ و ببێتە شاعیر، بۆیە کاتێک دەفتەری شیعرەکانی ھێمن-ی دەکەوێتە دەست، دەمودەست دەیسوتێنێت‌ و لێی زویر دەبێت‌ و سەرزەنشتی دەکات.

ھێمن لە ١٩٤٦.١١.١٦دا لەگەڵ کچی خاڵی خۆی بە ناوی ئایشە زەماوەند دەکات‌ و خێزان پێکدێنێت، بەرھەمی ئەو ھاوسەرییە کوڕێک دەبێت‌ و ناوی دەنێن سەلاح، مانگێک دوای زەماوەندی ھێمن، کۆماری کوردستان دەڕوخێت، ‌بەوەش نائومێدی باڵ بەسەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ژێرسایەی کۆمار‌دا بەتایبەتی دەکێشێت.

دواتر لە١٩٤٧.٠٤.٠٣دا ھێمن لەگەڵ کەسێکی ھەژار و تێکۆشەری ھاوڕێیدا بەرەو شارۆچکەی قەڵادزێ بەڕێدەکەون، کاتێک ھێمن دەگاتە ناو قەڵادزێ، دەم و دەست پۆلیس دەیگرێت، دوو کەس بەبێ ئەوەی ھێمن بناسن بۆی تێدەکەون‌ و لەچنگی پۆلیس ڕزگاریدەکەن.

یەکێک لەو دوو کەسانە مەلایەک دەبێت، ھێمن دەباتە لای خۆی‌ و ماوەیەک وانەی پێدەڵێتەوەو لای خۆی دەیپارێزێت، دوای ماوەیەک بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تاڕادەیەک ئارام دەبێتەوە، ئیتر ھێمن-یش دەگەڕێتەوە بۆناو کەسوکاری خۆی‌ و دەست بە کشتوکاڵ‌ و ‌ئاژەڵداریی دەکاتەوە.
ھێمن ھەمیشە لەگەڵ ئەو ڕووناکبیرو تێکۆشەرانە ھاودەم‌ و ھاوبیر دەبێت، بەڵام ئەو لەوەدا لەگەڵیان ناکۆک دەبێت کە ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە بە زمانی کوردی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە دەربکەن‌ و لەو ھەلومەرجەدا بە کارێکی گرنگی نازانن، ھێمن ڕێنوێنییان دەکات‌ و ھانیاندەدات ھەرچی زووە گۆڤارو ڕۆژنامە بە زمانی کوردی دەربکەن‌ و لەنێو خەڵکی کوردستاندا بڵاویانبکەنەوە.
سەرەنجام دەستەیەک لەو لاوە تێکۆشەرانە بۆچوونەکەی ھێمن دەسەلمێنن‌ و بڕیادەدەن کە دەست بە دەرکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان بکەن، بەڵام بەر لەوەی کە ئەوان یەکەم ھەنگاو بنێن، ڕۆژی ١٩٥٣.٠٨.١٩ کۆمەڵێک ئەفسەر بە پاڵپشتیی ئەمریکا و بریتانیا کودەتایەک لە دژی حکومەتی دوکتۆر موسەدیق بەرپادەکەن و جارێکی دیکە حەمەڕەزا شا بۆسەر حوکم دەگێڕنەوە.

کۆتایی ساڵی ١٩٧٣ دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی دەکات و بەشێکی لێدەخاتە سەر کاغەز. لە ١٩٧٤.٠١.٢٤دا لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی دەبێتەوە. پاشان دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو شیعرەکانی دەخوێنێتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی کورت‌ و شایستە دەربارەی ناوەرۆکی شیعرەکانی دەنووسێت، ئیتر ھەموو ئەمانە پێکەوە لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٤دا لە کتێبێکدا بە ناوی “تاریک و ڕوون” چاپدەکرێن و دەخرێنە بەردەستی خوێنەرانی کورد، کتێبی تاریک و ڕوون لەلایەن لاوان و ڕووناکبیرانەوە دەقۆزرێتەوەو وەک دیارییەکی بەنرخ دەیخوێننەوە و وتووێژی لەسەر دەکەن.

ڕۆژی ١٩٧٩.٠٢.٢٠ مامۆستا ھێمن لەگەڵ ھاورێکانی دەگەنە سەردەشت‌ و لەگەڵ پێشوازییەکی گەرمدا لە ماڵی چەند دۆست و ناسیاو دەمێنێتەوە، ھاوکات تەلەفۆن بۆ مەھاباد دەکەن‌و ھەواڵی گەڕانەوەی ھێمن بە کەسوکاری‌ و خەڵکی مەھاباد ڕادەگەیەنن، ئەو ھەواڵە خۆشە لەو دەمەدا زۆر بە خێرایی لەنێو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە، دەستە دەستە لاوان‌و ڕووناکبیران‌ و خەڵک خۆ سازدەدەن بۆ پێشوازیکردن لە ھێمن، دەمودەست سەلاح-‌ی کوڕی لەگەڵ کۆمەڵێک خزم‌ و دۆست بەرەو سەردەشت دەکەونەڕێ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٩٧٩.٠٢.٢١ ھێمن لەگەڵ خزم‌ و کەس و کۆمەڵێک لە خەڵکی سەردەشت بەرەو مەھاباد بەڕێدەکەوێت.

کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵک بە ئوتومبێل دێن بەپیریەوە و خۆشی دەردەبڕن، دەمەوعەسری ئەو ڕۆژە کاتێک کەژاوەی ئوتومبێلەکان دەگەنە “تاقەدار”ی نزیک مەھاباد، تێکەڵ بە کۆڕی شیعرخوێندنەوە و شایی‌ و ھەڵپەڕکێ دەبن‌ و ھەموو بە چاوی پڕ لە فرمێسکی شادییەوە پێشوازیی لە ھێمن دەکەن‌ و بۆنێو مەھابادی دەبەنەوە، چەند ڕۆژ کۆمەڵ کۆمەڵ‌ و دەستە دەستە خەڵک لە شار و شارۆچکە و دێھاتەکانی کوردستانەوە بۆ سەردانی ھێمن بەرەو مەھاباد دەچن و بەردەوام ماڵی ھێمن پڕ لە میوان و دۆستان دەبێت.

ئیدی لەو ساتەوە ماڵەکەی وەک بنکەیەکی ئەدەبیی لێدێت‌ و دەبێتە جێی شیعر و باسی ئەدەبی‌ و شوێنی بەیەکگەیشتنی ئەدیبان‌ و ڕووناکبیران .

سەرەتای ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ چەند شاعیر و نووسەردا وتووێژ دەکات‌ و پێیان دەڵێت با بە ھەموومان ھەوڵبدەین دەزگایەکی چاپەمەنی ساز بکەین‌ و گۆڤار و ڕۆژنامەو کتێبی کوردیی تیا چاپبکەین، ھەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەندین کاربەدەستی حکومەتی ئێراندا قسەوباس دەکات‌ و ھەوڵدەدات کە ڕەزامەندیی ئەوان بەدەستبێنێت.

ئەم وتووێژو ھەوڵانە درێژەدەکێشێن‌ و حکومەتی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر داواکەیان ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ھێمن‌ و ھاوکارەکانی کۆڵنادەن تا سەرەنجام بە ئیمکاناتێکی کەمەوە بنکەیەک بە ناوی “ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی- ئینتیشاراتی صلاح الدینی ئەییووبی” لە ورمێ دادەمەزرێنن و گۆڤارێک بە ناوی سروە دەردەکەن، ھەتاکو ھێمن خۆی لە ژیاندا دەبێت، چوار ژمارە لەو گۆڤارە دەردەکەن. پاشتریش کەریمی قەیومی‌ و چەند نووسەرو شاعیری دڵسۆز لەسەر دەرکردنی سروە بەردەوام دەبن، ئینجا دەست بە چاپکردنی ھەندێک کتێب دەکەن‌ و وردەوردە کارەکانیان گەشەپێدەدەن‌ و بەنیاز دەبن زیاتریش گەورەو فراوانی بکەن، بەڵام لەگەرمەی کارکردنیاندا شەوی ١٨ لەسەر ١٩٨٦.٠٤.١٩ لە شاری ورمێ ھێمن کۆچی دوایی دەکات، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٩٨٦.٠٤.١٩ تەرمەکەی بەرەو مەھاباد بەڕێدەکرێت، پاشنیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ لە مەراسیمێکی پڕشکۆداو لەنێو ئاپۆرەی جەماوەردا لە گۆڕستانی بوداق سوڵتان بەخاک دەسپێردرێت.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4457بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Feb 10 2018 7:47PM