»  ناودارانی كورد

بەشێک لە ژیانی شەرەفخانی بەدلیسی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
شەرەفخانی بەدلیسی 

ھەروەک ئاشکرایە کە شەرەفنامە بە گەورەترین شاکاری مێژووی گەلی کوردستان دادەنرێ، بەسەرەتا و دەسپێکی مێژووی نوێی گەلی کورد دادەنرێت. 
شەرەفخانی بەدلیسی خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری گەلی کوردستانە، شەرەفخانی بەدلیسی کە گەورەترین ڕووناکبیرو نووسەری سەردەمی خۆیەتی بەنووسینی شەرەفنامە  زانیاری زۆرو زەبەندی لەمەڕ جوگرافیا و ژیانی ڕامیاری و دەسەڵاتی کورد و زمان و ڕووە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ تۆمارکردوین.
 
شەرەفخان کوڕی شەمسەدین بەدلیس لە ساڵی ١٥٤٣.٠٢.٢٥ لە گوندی "گەرمەڕووی" سەر بەشاری "قوم" لە ئێرانی ‌عەجەم لە دایکبووە، لەدیوەخانی "شا تەھماسپی یەکەم" لەساڵی (١٥٤٣ تا ١٥٧٦) لەگەڵ کوڕەکانی ئەودا ژیاوە.

 لە ئێران شا ئیسماعیلی سەفەوی ساڵی ١٥٧٦ دەیکاتە سەرۆکی ھۆزی کوردەکانی ئێران، لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٥٧٨ لە جەنگی نێوان ئێرانییەکان و عوسمانییەکان دا پشتی ئێرانییەکان بەردەدات و لایەنگری عوسمانییەکان دەکات بەخۆی و ٤٠٠ چەکدارەوە دژ بە ئێران دەوەستێ سەرکردایەتی عوسمانییەکان دەکات لە ساڵی ١٥٨٩ سوڵتان مورادی سێیەم دژ بە ئێرانییەکان پایە و نازناوی خان دەبەخشێتە شەرەفخان و دەیکاتە میری ویلایەتی بەدلیس لە ساڵی ١٥٩٠ واتا لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا جڵەوی فەرمانڕەوایی خۆی دەداتە دەست کوڕەکەی خۆی شەمسەدین بەگ.

لە ساڵی ١٥٩١ تا ١٥٩٢ دەست دەکات بە نووسینی شەرەفنامەو لە ١٥٩٧.٨.٤ لە نووسینی شەرەفنامە تەواو دەبێت و پوختەی نووسینەکانی لەدوا دوای ساڵی ١٥٩٧دا کۆتایی پێھێنا بەم جۆرە پڕۆژەی تۆمارکردنی کوردی ئەنجامدا.

میر شەرەفخان لە ساڵی ١٠١٢ی کۆچی دا بەرامبەر بە ساڵانی ١٦٠٣-١٦٠٤ز کۆچی دوایی کردووە، بەساڵنامەی زایینی ٦٠ ساڵ ژیاوەو بە ساڵنامەی کۆچیش ٦٣ ساڵ ژیاوە. 

ئەم پەرتووکەی شەرفنامە لە کۆنەوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە لەزمانی فارسیەوە لەلایەن شامی ناوێکەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی و لە دواییدا "ولیامینۆف"ی ڕووسی کردوویەتییە ڕووسی و بە چاپی گەیاندووە و "کارمۆی" مێژوونووسی فەڕەنسیش کردوییتەتیە فەڕەنسی و لە میسریش مێژوونووسی کورد لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەفارسی چاپی کردوەو مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لەساڵی ١٩٥٣دا بە پەراوێزی بەنرخەوە کردوویەتییە عەرەبی و بەچاپی گەیاندووە دواجاریش ھەژار موکریانی بە پەراوێز و پێشەکیەکی درێژەوە کردوویەتییە کوردی و لەساڵی ١٩٧٢دا لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا لە چاپ درا.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
5918بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Mar 3 2018 3:13PM