»  ناودارانی كورد

بەشێک لە ژیانی کاکەی فەلاح

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
کاکەی فەلاح ( ١٩٢٨ - ١٩٩٠)

لەساڵی ١٩٢٨دا لەچوارتا (شارباژێڕ)ی سەر بەپارێزگای سلێمانی چاوی بە ژیان ھەڵھێناوە و لەخێزانێکی ھەژاردا پەروەردە بووە و خوێندنی سەرەتایی لەشارەکەی خۆی و ناوەندی لەسلێمانی تەواو کردووە و لەسەر ھەڵوێستی ڕامیاری چەند جار گیراوە و ئەشکەنجە دراوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و ھەر بەردەوام بووە لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی خۆی.

شاعیر خاوەنی بیروباوەڕێکی پتەو بووە، ھەرچەند دوژمنانی ویستوویانە بە زەبرو زەنگ لەڕێگای لابدەن، کە چی بێ ھوودە بووە، جگە لە تێکۆشانی شۆشڕشگێڕی و ھۆنراوە و وێژە ئەم مرۆڤە گەورەیە کارێکی بەنرخی لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا کردووە بە دەرچواندنەوەی ڕۆژنامەی “ژین”ی، کە کاتی خۆی پیرەمێرد لە ساڵی ١٩٣٩وە تاکو کۆچی دوایی لە ١٩٥٠.٠٦.١٩ دەری دەچواند، دوای ئەوی ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان دەکرد، ئەم وێژەناسە بەتوانایە ئەو ڕۆژنامەیەی لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠ دەرچواندەوە.

کاکەی فەلاح وێژەناسێکی خامە ڕەنگینی بەرھەم زۆربوو، لەماوەی ژینی دا گەلێک پەرتووکی بەنرخی بەچاپ گەیاند لەوانە:

١. دوو کۆمەڵە ھۆنراوەی منداڵان بەناوی “چرۆ” ‌و “سروود” ساڵی ١٩٦٦ و ١٩٦٨ .
٢. لەگەڵ شەپۆلەکانی “دیوانێکی ھۆنراوە” لە ساڵی ١٩٦٧دا چاپکراوە .
٣. ئۆدیبی پاشا – وەرگێڕانە لە عەرەبیەوە – لە ساڵی ١٩٧٨ چاپکراوە.
٤. دیوانی کاکەی فەلاح – بەغدا- ساڵی ١٩٨٠ چاپکراوەو بە پێشەکی دکتۆر “عیزەدین مستەفا” .
٥. کاروانی ھۆنراوەی نوێی کوردی – بەرگی یەکەم لە ساڵی ١٩٧٩ و بەرگی دووەم لە ١٩٨٠ چاپکراوە .
٦. چۆلەکەی پاساری – سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٣دا چاپکراوە .

لەدوای کۆچی دوایی شاعیریش دیوانێکی نوێی کاکەی فەلاح لەساڵی ٢٠٠٤ بەچاپ گەیەنراوە و لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بنەماڵەکەیەتی و کە٤٢٠ لاپەڕەیە و لەبەرگی دوایی ئەو دیوانە پتەوەیدا ئەم پارچە ھۆنراوە پڕ بەواتایەی بڵاوکراوەتەوە:

دنیا شەوە
خەم وەک شارە زەردەواڵە
ورووژاوە
چاویش خەوی لێ زڕاوە
ئاخۆ ئەستێرەی عومری کێ
داکشاوە!!

کاکەی فەلاح لە ١٩٩٠.١٠.٠٩دا لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لەشاری سلێمانی دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت و لاپەڕەی ژیانی پڕ بەرھەمی تا ھەتایە پێچڕایەوە .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4174بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Mar 10 2018 3:16PM