»  کورتەچیرۆک

ئافرەتە زیرەکەکە و بازرگانە نەزانەکە

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لە دێر زەمانەوە ئافرەتێک ھاتە لای مەجلیسی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پیاوی بازرگان و لە دوورەوە ئاماژەی بۆ یەکێکیان کرد کە لێی نزیک بێتەوە .
یەکێک لە بازرگانەکان لە ئافرەتەکە نزیکبووە و گووتی : فەرموو خاتوون چیت دەوێت ؟ 
ئافرەتەکە گووتی : پێوستیم بە کارێک هەیە بۆم بکەیت و لەبەرامبەردا ٢٠ دینارت پێدەدەم. 
بازرگانەکە گووتی : چ جۆرە خزمەتێک ؟. 
ئافرەتەکە گووتی : پیاوەکەم ماوەی ١٠ ساڵە چووتە دەرەوەی وڵات بۆ بازرگانی و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە و ھیچ ھەواڵێکیشی نییە. 
بازرگانەکە گووتی : ان شاء الله بەخێر و سەلامەتی دەگەڕێتەوە و من چیم پێدەکرێت ؟ 
ئافرەتەکە گووتی : دەمەوێت پیاوێک لەگەڵم بێت بۆ لای قازی و بلێت من مێردی ئەو ئافرەتەم، ئینجا تەڵاقم بدات، چونکە من دەمەوێت جارێکی دیکە شوو بکەمەوە و وەکو ئافرەتانی دیکە بژیم . 
بازرگانەکە گووتی : باشە لەگەڵت دێم .
کاتێک چوونە لای قازی ئافرەتەکە لەبەرامبەر قازی گووتی : جەنابی قازی ئەوە پیاوەکەمە و ماوەی ١٠ ساڵە رۆیشتووە  و ئێستاش دەیەوێت تەلاقم بدات . 
قازی رووی لە بازرگانەکە کرد و گووتی : تۆی ھاوسەری ئەم ئافرەتەی. 
بازرگانەکە گووتی : بەڵێ جەنابی قازی . 
قازیەکە گووتی : دەتەوێ خێزانەکەت تەڵاق بدەیت . 
بازرگانەکە گووتی : بەڵێ . 
قازیەکە رووی لە ئافرەتەکە کرد و گووتی : تۆ رازیت پیاوەکەت تەڵاقت بدات. 
ئافرەتەکە گووتی : بەڵێ جەنابی قازی . 
قازی رووی لە پیاوەکە کرد و گووتی : باشە تەڵاقی بدە . 
پیاوەکە گووتی : ئەوا سێ بەسێ تەڵاقم دا .

ئافرەتەکە گووتی : جەنابی قازی پیاوەکەم ماوەی ١٠ ساڵە لێم دوورە و ھیچ خەرجییەکی منی نەکێشاوە و ھیچ گرینگی بە من نەداوە، لەبەر ئەمە ئێستا خەرجی ئەو ١٠ ساڵەم دەوێت  لەگەڵ خەرجی تەڵاقدان .
قازی رووی لە پیاوەکە کرد و گووتی : بۆ چی خێزانەکەت بەجێ ھێشت و خەرجیت نەکێشا . 
پیاوەکە گووتی : سەرقاڵ بووم و نەمتوانی بگەڕێمەوە لای . 
پیاوەکە گووتی : کەواتە دەبێت دوو ھەزار دیناری پێ بدەییت وەک خەرجی .
پیاوەکە سەری سوڕما! و لەبەردەم خۆی گووتی : ئەگەر نکۆڵی بکەم ئەوا زیندانی دەکرێم بە تۆمەتی شایەتی دانی بە درۆ، لەبەر ئەمە پارەکەی بدەم باشترە و خۆم رزگار بکەم .

پیاوە بازرگانەکە بە ناچاری ٢ ھەزار دیناری دا بە ئافرەتەکە دا، چونکە کەوتبووە گرفتێک نەیدەتوانی لێی رزگار بێت  و ئەگەر قسەی کردبا لە نێو خەڵکی و بازرگانەکان ئابڕووی دەچوو .


پەند لەم چیرۆکە :
درۆ مەکە، چونکە نازانی باجەکەی چۆن دەدەیت .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
6460بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - May 31 2022 3:33PM