»  راپۆرت

گوێز سوودەکانی ، لایەنە نەرێنیەکانی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

گوێز خۆراکێکی تەندروست و باشە و بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (walnut)شێوەکەی زیاتر خرە و توێکڵەکەی رەقە  ناوکەکەی لە چوار بەش پێک دێت کە دیوارێکی تەنک لێکیان جیا دەکاتەوە . 

گوێز دەکرێت بەھەموو شێوەیەک بخورێت، چ کاتێک پێدەگات دەتوانی لە دار لێی بکەیتەوە یا لەگەڵ چەرەزاتی دیکە یاخود کاتێک لە شیرنەمەنی کولیچە دروست کردن بەکار دێت. 

بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بەشێوەیەکی باش ھەڵنەگیرا ئەوا بۆگەنی دەبێت و تێک دەچێت، چونکە رێژەیەکی باشی چەوری تێدایە، لەبەر ئەمە دەبێت گوێز لە شوێنێکی سارد و شەک و تاریک ھەڵبگیرێت. 

سوودەکانی گوێز 

گوێز چەندین پێکھاتەی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە وا دەکات ئەم خۆراکە سوودێکی زۆر بە مرۆڤ بگەینێت، لەم بابەتەش تیشک دەخەینە سەر گرنگترین سوودەکانی گوێز .

١.پارێزگاری لە تەندروستی دڵ : 

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی گوێز یارمەتی مرۆڤ دەدات لە دوورکەوتنەوە لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و جەڵتەی مێشک .

گەر گوێز بە شێوەیەکی تەندروست خورا ئەوا سوودێکی زۆری دەبێت چونکە رێژەیەکی زۆر چەوری تەندروست لە خۆ دەگرێت و دژە ئۆکسیدە و پوختەی توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە گوێز ئەم سوودانە لە خۆ دەگرێت . 

• کەم کردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆلی زیانبەخش لە خوێن . 

• کەمکردنەوەی ئاوسان . 

• باشترکردنی ئەرکی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی مەترسی کەڵەکەبوونی چەوری . 

٢.پاراستن لە شێرپەنجە : 

دەکرێت مرۆڤ خۆی بپارێزێت لە چەندین نەخۆشی بەھۆی خواردنی خۆراکی تەندروست و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی، لەبەر ئەمە دەکرێت گوێز بەشێکی گرنگی سیستەمی تەندروستیت بێت چونکە خۆراکێکی کاریگەرە بۆ رووبەرووبوونەوەی شێرپەنجە، چونکە چەند پێکھاتەیەکی گرنگ لە خۆ دەگرێت کە دژە شێرپەنجەیە . 

٣. پارێزگاری لە تەندروستی مێشک : 

ئەگەر ھاتوو گوێز لە سیستەمی خۆراکیت بوو ئەوا کارێکی زۆر باشت ئەنجامداوە چونکە گوێز پارێزگاری لە تەندروستی مێشک دەکات و مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبون بە زەھایمەر، ھەروەھا گوێز رێژەیەکی زۆر لە ئۆمیگا ٣ لە خۆ دەگرێت. 

٤. پارێزگاری لە تەندروستی ئێسک  دەکات : 

گوێز سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بەدەستھێنانی مس کە کەمبوونەوەی دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ئێسک ھەروەھا مس دەبێتە ھۆی پارێزگاری کردن لە ھەردوو مادەی کۆلاجین ئیلاستین کە ئەمانەش توخمی گرنگن لە پێکھاتەی لەشی مرۆڤ، ھەروەھا گوێز رێژەیەکی زۆر لە مەنگەنیز و مەگنسیۆم لە خۆ دەگرێت کە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ پتەوکردنی ئێسکی . 

بەھای خۆراکی گوێز : 

گوێز بەھایەکی خۆراکی زۆر گرنگی ھەیە چونکە لە ٦٥% چەوری تێدایە و ھەروەھا رێژەیەکی باشی پرۆتین تێدایە و رێژەیەکەی دەگاتە (١٥%) . 

ھەروەھا گوێز کاربۆھیدرات لە خۆ دەگرێت لەگەڵ ھەندێک مادەی ریشالی، لەبەر ئەمە گوێز چەوری تەندروست و پرۆتین و مادەی ریشالی لە خۆ دەگرێت ئەمەش دەبێتە ژەمێکی سووک بۆ خواردن و وات لێدەکات ھەست بە تێربون بکەیت . 

ھەروەھا ئەو چەوریەی لە ناو گوێز ھەیە رێژەیەکی باش لە کالۆری لە خۆ دەگرێت و گوێز سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ڤیتامینات و کانزاکان وەک مس و فۆسفۆر و ڤیتامین بی ٦ و ترشی ڤۆلیک کە ناسراوە بە ڤیتامین بی ٩ و ڤیتامین ئی . 

 

لایەنە نەرێنیەکانی خواردنی گوێز : 

بەشێوەیەکی گشتی گوێز سوودێکی زۆری بۆ مرۆڤ ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خواردنی گوێز ھەستیاری (حساسیە) لەلای ھەندێک کەس دروست دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ھەڵمژینی ھەندێک لە کانزاکان لەلای ھەندێک کەس و بەکورتی تیشک دەخەینە سەر لایەنە نەرێنیەکانی خواردنی گوێز : 

• ھەستیاری لەبەرامبەر گوێز :  گوێز یەکێکە لەو خۆراکانەی دەبێتە ھۆی دروست بوونی ھەستیاری و ھەندێک کەس بە توندی تووشی ئەم ھەستیارە دەبن و ھەندێک جار ئەم ھەستیاریە کوشندەیە ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەکرا، لەبەر ئەمە ئەوانەی ھەستیارن بە گوێز دەبێت دووربکەونەوە لە خواردنی : 

• کاریگەری لەسەر ھەڵمژینی کانزاکان : گوێز رێژەیەکی زۆر لە ترشی فیتیک لە خۆ دەگرێت ئەمەش پێکھاتەیەکی رووەکیە و دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ھەڵمژینی کانزاکان لە نێو کۆئەندامی ھەرس، وەک ئاسن و زەنگ، لەبەر ئەمە ئەو کەسانەی کە خۆراکی دەوڵەمەند بە ترشی فیتیک دەخۆن و سەرچاوەی ئاسنی کەمە، ئەوا تووشی مەترسی کەمبوونەوەی کانزاکان دەبن لە لەشیان . 

سەرچاوە | الموچوع 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3425بینین‌‌‌
5 ساڵ پێشتر - Jul 6 2019 5:12PM
12