»  راپۆرت

راپۆرتێک دەربارەی نووستنی منداڵ نیشانەکان و ھۆکارەکان وکاریگەرییە خراپەکانی

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر

نووستن یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی شێوازی ژیانێکی تەندروست، نووستن رولێکی گرنگ دەبینێت لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکان ، توێژینەوەکانی دەریانخستووە ئەو منداڵانەی کە رۆژانە بە شێوەیەکی باش دەخەون ، تەندروستیان باشترە و لە روی جەستەیی و عەقڵی توانای فێربوونیان زیاترە . 
ھەروەھا ئەو جۆرە منداڵانە ھزریان باشترە و رەفتاری رۆژانەیان باشتر دەردەکەوێت ، بەڵام ئەو منداڵانەی بە پێی پێویست ناخەون ، ئەوا رووبەرووی ھەندێک حاڵەت دەبنەوە لەوانە قەڵەوی و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و دڵە راوکێ . 
خەوی منداڵان بەپێی تەمەنیان دەگۆڕێت، لەبەر ئەمە دەبێت ئاگاداری ئەم خشتەیە بیت بۆ ئەوەی بتوانیت لەسەر ئەو بنەمایە خەوی منداڵەکەت رێک بخەیت : 
١.ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان یەک رۆژ تا یەک ساڵە ، دەبێت رۆژانە ١٢ – ١٦ کاتژمێر بخەون . 
٢. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١ – ٢ ساڵە ، پێویستە رۆژانە ١١ – ١٤ کاتژمێر بخەون . 
٣. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ٣ – ٥ ساڵە ، پێویستە رۆژانە ١٠ – ١٣ کاتژمێر بخەون . 
٤. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان لە نێوان ٦ -١٢ ساڵە پێویستە رۆژانە ٩ – ١٢ کاتژمێر بخەون . 
٥. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٣ – ١٨ ساڵە ، پێوستە رۆژانە ٨ – ١٠ کاتژمێر بخەون . 

نیشانەکانی کەم خەوی لە لای منداڵان 

کەم خەوی دەبێتە ھۆی تێکچوونی سیستەمی ژیانی منداڵەکە و ئاسەواری خراپی لەسەر لایەنی جەستەیی دەبێت و ھەروەھا کاریگەری لەسەر لایەنی عەقڵی و سۆزداریش  دەبێت  ، ھەروەھا ناتوانی ئەو کاریگەرییانە بەشەو و رۆژێک چارەسەر بکەیت و نیشانەکانی کەم خەوی دابەش دەبن بەسەر چەند بەشێک : 
١.نیشانە جەستەییەکان : 
- نووستن لە ناو قوتابخانە ، یاخود لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوەی قوتابخانە . 
- ھەموو کات گلەیی دەکات کە ماندووە و ھەست بەبێ تاقەتی دەکات و دەیەوێت لە رۆژدا بخەوێت . 
- بەیانیان بە زەحمەت لەخەو ھەڵدەستێت . 
- دوای ئەوەی ھەڵی دەستێنی راستەوخۆ ئارەزوو دەکات جارێکی دیکە بخەوێتەوە . 
- بەردەوام تووشی نەخۆشی دەبێت ئەمەش بەھۆی لاوازی کۆئەندامی بەرگری لەش . 
- بەکارھێنانی خواردنە خراپەکان وەک شەکری زۆر و کافایین . 
- بەردەوام خەوە کوتکەی دەباتەوە . 
- ئارەزوو دەکات بەردەوام پاڵداتەوە و ھەروەھا ئارەزوو ناکات لەگەڵ منداڵی دیکەش یاری بکات . 
- دوور دەکەوێتەوە لە ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی . 
٢. گۆڕانگارییە سۆزدارییەکان : 
- لە رۆژدا راڕاییەکی زۆری پێوە دیارە . 
-خێرا توڕە دەبێت و ھەڵدەچێت . 
- زیاتر مەیلی بە لای توندوتیژی دەبێت . 
٣. نیشانە عەقڵی و ھزرییەکان : 
- خێرا شتەکان لە بیر دەکات . 
- بینایی چاوی باش نابێت و لێڵ دەبینێت . 
- بە زەحمەت زانیاری نوێ وەردەگرێت . 
- ھیچ چێژێک لە چالاکی رۆژانە نابینێت . 

ھۆکارەکانی کەم خەوی لەلای منداڵان 

مانەوەی شەوان بە ئاگایی یەکێکە لە گرنگترین ھۆکارەکانی کەم خەوی لەلای منداڵان ، چونکە ئەو منداڵە بەشی پێویستی خۆی خەوی لێناکەوێت ، ئەمەش بەھۆی بێ ئاگایی دایک و باوکانە دەربارەی پێداویستی خەوی منداڵەکانیان ، ھەروەھا مانەوەی منداڵ لە دیاری تەلەفزیۆن ویاری کردن تا درەنگانی شەو وا دەکات تووشی کەم خەوی بێت و دووربکەوێتەوە لە چالاکی رۆژانە،  ئەگەر ھاتوو توانیمان ئەوانەی سەرەوەش رێک بخەین ئەوا ھەندێک ھۆکاری دیکە ھەیە کە  وا دەکات  منداڵەکە تووشی کەم خەوی ببێت و لەوانەش : 
خواردنەوە قاوە و یا ئەو خواردنەوانەی کە مادەی کافایینی تێدایە . 
خووگرتن بە داب و نەریتی خراپی خەوتن . 
دڵەراوکێی رۆژانە . 
ھەروەھا ئەو منداڵانەی ھەندێک حاڵەتیان ھەیە وەک (کەم عەقڵی) و (ئۆتیزم) زیاتر تووشی کەم خەوی دەبن . 
راڕایی بەردەوام . 
نەخۆشی ئەگزیما (Eczema)
ئەو منداڵانەی رەبووییان ھەیە . 
بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان کە وا دەکات سیستەمی خەو تێ بچێت 
ئەو منداڵانەی تووشی تەنگە نەفەسی دەبن لە کاتی خەو . 


ئاسەواری کەم خەوی منداڵان 

کەم خەوی دەبێتە ھۆی دروست بوونی ھەندێک حاڵەت لەلای منداڵان و ئاسەواری خراپ جێ دەھێلێت لەوانەش :
تووشبوون بە ھەندێک رووداوی رۆژانە .
نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن .
کێشەی سەرنج خستنە سەر شتەکانی بۆ دروست دەبێت . 
رۆژانە زۆر دەخوات . 
کاردانەوەی بەرامبەر حاڵەتەکان لاواز دەبێت . 
رەفتاری نارێک دەبێت . 
حاڵەتی مەزاجی تێک دەچێت . 
سەرچاوە | الموضوع 



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
4093بینین‌‌‌
5 ساڵ پێشتر - Aug 17 2019 1:24PM
12