»  کورتەچیرۆک

لە چی پەشیمانی ؟

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
برۆنی ویر پەرستارێکی ئوسترالی بوو زۆرینەی کاتی کارەکانی لەگەڵ بەساڵاچوان بوو . 
برۆنی زۆربەی کات پرسیاری لە بەساڵاچوان دەکرد ، لە چ شتێک لە ژیانی خۆت پەشیمانی و خۆزگەت دەخواستت چ کارێکت بە شێوەی جیاواز ئەنجامدابا . 
برۆنی دەڵێت زۆرینەی وەڵامەکان لە پێنج خاڵ کۆ دەبووە . 
دواتر برۆنی کتێبێکی لەم بارەیەوە بڵاکردەوە بە ناوی (The top five regrets of the dying)  
ئەم کتێبەش بۆ وەرگیڕدرا بۆ ٢٧ زمانی جیاواز لە جیھان . 
خۆزگەکانیش بەم شێوەیە خوارەوە بوون : 
یەکەم : خۆزگە ئەو ئازایەتیەم ھەبووایە کە بۆ خۆم بژیم و ئەو ژیانە نەژیم کە خەڵک چاوەڕێیان دەکرد لێم یاخود ژیانێک بێت بەتەواوەتی بۆ خەڵک بێت . 
ئەم خۆزگەیەش زیاتر قسەی ئەو خانمانە بوو کە برۆنی قسەی لەگەڵ کردبوون ، زۆرینەیان گووتبوویان کە خەونەکانیان لەدەستداوە بەھۆی ئەوەی ھەوڵیانداوە خەڵکانی دیکە رازی بکەن و بیریان لە خەونەکانی خۆیان نەکردووتەوە. 
دووەم : خۆزگە زۆر کارم نەکردبا و ئەوەندە زۆر خۆم ماندوو نەکردبا : 
ئەم قسەیە وەڵامی ئەو پیاوانە بوو کە بەشێکی زۆری ژیانیان لە نێو ئاش و کاری رۆتینی رۆژانە بەسەر بردبوو و دەیانگووت پێویست بوو ھەندێک بۆ خۆمان و دەرچوون لەگەڵ ھاوڕێکانمان تەرخان کردبا ، چونکە ھاوڕێی باش بەشێک لەماندووبوونت لە بیر دەباتەوە ، ھەروەھا خانمان گووتبوویان پێویست بوو کاتێکی زیاتر بۆ خێزانەکانمان تەرخان کردبا بەتایبەتی بۆ ئەوانەی زوو لە دەستمان دان . 
سێیەم : خۆزگە ئەو ئازایەتیەم تێدابا کە گوزارشت لە ناخی خۆم بکەم : 
خەڵکانێکی زۆر ھەستی ناو ناخیان کپ دەکەن بۆ ئەوەی کەسانی دیکە تووشی شۆک نەکەن ، ئەم جۆرە کەسانە لە ململانێ دابوون لەنێوان خوودی خۆیان و رازی کردنی کەسانی دیکە لەخۆیان ، زۆرینەی ئەو کەسانە ھەستیان بە دڵتەنگی و بێزاری دەکرد لەوەی بەردەوام ھەستەکانی خۆیان کپ کردووە . 
چوارەم : خۆزگە پەیوەندیم لەگەڵ ھاوڕێکانم بەردەوام با : 
ئەو جۆرە کەسانە خۆزگەیان دەخواست لەگەڵ ھاوڕێ دێرینەکانیان پەیوەندییان بەردەوام با و پەشیمان بوون لەوەی کاتێکی زیاتریان بۆ ھاوڕێ باشەکانیان تەرخان نەکرد و گەشەیان بەو پەیوەندییە نەدا. 
پێنجەم : خۆزگە زیاتر بەختەوەرتر بام : 
زۆرینەی کەسەکان درەنگ تێگەیشتن کە بەختەوەری بریتیە لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی بە دڵی خۆیانە ، بەڵام بەداخەوە پابەند بوون بە داب و نەریت و شێوازی کۆنی ژیان، ئەم جۆرە ترسیان ھەبوو لە گۆڕانکاری و وانیشانیان دەدا کە لەکەسایەتی خۆیان رازین بۆ ئەوەی خەڵک لێیان رازی بێت ، بەڵام لە ناخی خۆیان لە دوای بەختەوەری دەگەڕان . 



«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3220بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - May 31 2022 3:31PM