»  ئەندازیاری

چاودێریکردنی تێکردنی کۆنکرێت

ارام روستایی - دامه‌زرێنه‌ری ماڵپه‌ر (نووسین)
یەکێک لەو کارانەی ئەندازیاری شارستانی دەبێت گرنگی پێ بدات، چاودێری کردنی جۆری کۆنکریتە، چونکە کۆنکریت دەبێت مادەکانی ستاندەر بێت و بەپێی بڕگەکان تایبەتمەندی بگۆردرێت.
بۆنموونە؛ ھەر بڕگەیەک وەکو بناغە و دینگە و سەقف کۆدی جیاوازی دەوێت، وە رێژەی پێکھاتەکانی وەکو یەک نین.
یەکێکی تر لە خاڵە گرنگەکان کە دەبێت ئەندازیاری شارستانی ھەوڵی بۆ بدات، ناسینەوەی کۆنکرێتە بە رەنگەکەی، کاتێک ئەندازیارێک بۆ ماوەیەک کار دەکات ئاستی بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە دەتوانێت لە رێگای رەنگی کۆنکرێتەوە بزانێت کە کێشەی ھەیە لە رووی تێکەڵبوونەکەی و جۆری ماددەکانی یان نیەتی.
بۆ نموونە؛ رەنگی کۆنکرێتی ئاسایی بەرەو رەساسیەکی تۆخ دەچێت، بەڵام جاری وا ھەیە کە دێتە شوێنی کارەکە رەنگەکە بوەتە سەوز ئەمەش بە گرفت دادەندرێت.
گرفتەکانی کۆنکریت یان بە ھۆی ناجێگیری ماددەکان دروست دەبێت یان بە ھۆی کاتی تێکەڵ بوونەکەی دروست دەبێت، ئەم دوو گرفتەش زۆر باوە لە کۆنکریت. وە جگە لەم دوو گرفتە کۆنکرێت گرفتی تری زۆرە، جاری واھەیە تەنھا بە تاقیکردنەوە ھەست پێ دەکرێت.
ئەندازیار دەبێت ئاگاداری کۆنکرێت بێت لە رووی زیادی و کەمی رێژەی ئاو، چونکە ئاو ئەگەر لە ڕێژەی ستاندەر لایدا گرفتی زۆر گەورە بۆ کۆنکرێت دروست دەکات بەتایبەتی دوای وشک بوون و رەق بوونی کۆنکرێت.
** ئەندازیاری بەرێز زۆر گرنگە لەکاتی گەیشتنی کۆنکرێت بۆ شوێنی کارەکە سەرەتا بە تەواوەتی بەتاڵ بکرێت ئینجا پسوڵەی کۆنکرێتەکە واژوو بکەیت. چونکە لەوەیە لە کاتی بەتاڵ کردنەکە ھەست بە گرفتی کۆنکرێتەکە بکەیت و رای بگریت.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3423بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Feb 25 2018 2:57PM
12