»  ئاژەڵان

ئاژەڵی لۆریسی لەسەرخۆ بناسە

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
ئاژەڵێکی نامۆیە سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێمە ، چونکە لە وڵاتی ئێمە بوونی نییە و زیاتر لە مەیموون نزیکە ، ئەگەر بۆ یەکەم جار بیبینی وا ھەست دەکەیت جۆرێکە لە جۆرەکانی مەیمون . 
یەکێکە لە ھێمنترین و نەرمترین ئاژەڵەکان ، رووخساری شێوەیەکی منداڵانەی ھەیە و بەشێوەیە بەریئانە سەیری خەڵک دەکات و ئەمەش وایکردووە لە لای خەڵکی خۆشەویست بێت . 
رووخساری دەرەوەی جوان و سەرنج راکێشە و دەچێتەوە سەر بنەماڵەی مەیموون ، بەڵام دەبێت وریا بی چونکە ژەھرێکی زۆر مەترسیداری ھەیە . 
لۆریسی لەسەرخۆ ، لە ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی کیشوەری ئاسیا دەژیت ، بەزۆری لە وڵاتی بەنگلادیش و باکووری رۆژھەڵاتی ھیندستان و رۆژئاوای فلپین ھەیە . 
سەرێکی بازنەیی ھەیە و لووتی کەمێک باریکە و چاوەکانی گەورەن ، ھەروەھا چەند جۆرە رەنگێکی جیاوازی ھەیە . 
قاچەکانی و دەستەکانی وەک یەکن لە پێوانەییان و توانایان ھەیە بە ئاسانی بە سەر دار و درەخت بکەون . 
بەھۆی دەست و قاچەکانی توانای ھەیە بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی بە لقی دارەکان شۆڕکاتەوە . 
ناوی لۆریس لە ناوێکی ھۆڵەندی وەرگیراوە بەمانای (المھرج) دێت ، چونکە شێوەکەی زۆر سەیرە . 
ژمارەی بڕبڕەکانی پشتی لە مەیموونی ئاسایی زیاترە و شێوەی جوڵانەوەی وەک مار وایە . 
لۆریسی لەسەرخۆ پەنجەیەکی بچووکی ھەیە بۆ گرتنی شتەکان و زمانی لە زمانی مەیموونەکانی دیکە درێژترە و بەکاری دەھێنێـت بۆ خواردنی شیلە . 
لۆریسی لەسەرخۆ ، ژەھرێکی کوشندەی ھەیە و توانای ھەیە مرۆڤ بکوژێت ، ھەروەھا ھیچ چارەسەرێک بۆ ژەھری لۆریس لە ئێستادا بەردەست نییە . 
لۆریسی لەسەرخۆ ، ھەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە ، چونکە رێژەیەکی زۆری لێ راو دەکرێت ، ھەروەھا بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە راوی دەکەن و پێیانوایە ئەم جۆرە ئاژەڵە توانای چارەسەری نەخۆشی ھەیە . 
لەکاتی جوولە لۆریسی لەسەرخۆ ، ھیچ دەنگێک دەرناکات ، بەڵام کاتێک دەزانێت ھەڕەشەی لەسەرە لە جێی خۆی دەوەستێت و ھیچ جوولەیەک ناکات . 
سەرچاوە | پێگەی اخبارک 
 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
299بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Aug 30 2023 3:50PM