»  گفتوگۆ

رێگاکانی پەروەردەکردنی منداڵ

کوردزۆن
منداڵەکەت زۆر لە باوەش بگرە و بەو ناوە بانگی بکە کە حەزی لێیەتی، ھەروەھا بەردەوام پێی بڵێ خۆشم دەوێیت، حەزدەکەم ھەر لەگەڵماندا بیت، زۆر ووشەی تری لەم جۆرەی پێ بڵێ، چونکە کاریگەری دەروونی باشی دەبێت بۆ منداڵەکە.

ئەو کاتە منداڵەکە متمانەی بە خۆیی دەبێت، ئەگەر منداڵەکەت لە ھەموو کات و شوێنێکدا قسەی کرد ئەوا ڕێگری لێ مەکە یان لێی مەدە، بەم جۆرە کەسایەتی بەھێز دەبێت.

دەبێ منداڵ ئاشنا بکرێت لەسەر نەریت (عادات)ی باش و سوود گەیاندن بە دایک و باوکی و کۆمەڵگا؛ وەکو قسەکردن بە شێوازی جوان و دوور لە ووشەی ناشرین، یارمەتی کەسەکانی دەورووبەری بدات لە لایەنی ڕەوشت و ماددیی، ئەم ڕەوشتانەش پێویستە منداڵ لە دایک و باوکی فێر ببێت. 
پێویستە منداڵ فێری داوای لێبوردن و پۆزش ھێنانەوە بکرێ ئەگەر ھاتوو ھەڵەیەکی کرد، ئەمەش کاتێک فێر دەبێت کە ببینێت ئەندامانی خێزان داوای لێبوردن لەیەکتری دەکەن ئەگەر ھاتوو ھەڵەیەکیان کرد.

پێویستە ھەندێ لە داواکارییەکانی منداڵ دوابخرێت بۆ ماوەی ڕۆژێک یان دووان، لە ھەندێک کاتدا پێویستە ھەر بۆی جێبەجێ نەکرێ، بۆ ئەوەی بزانێ کە لە ژیاندا ھەموو ئەو شتانەی کە پێویستی پێیەتی بەشێوەیەکی خێرا دابین ناکرێت، ئەمە یارمەتیەکی زۆری دەدات کە لە داھاتوودا فێری قەناعەت ببێت و دوور بێ لە چڵێسی (تەماع).

پێویستە دایک و باوک دووربکەونەوە لە بەراورد کردنی منداڵ بە منداڵێکی تر، چونکە ڕق و کینە لەناو دڵی منداڵەکە دروست دەبێت، کاریگەری خراپی دەبێت کاتێک کە گەورە دەبێت ھیوای خراپ بوون بۆ ھەموو کەسێک دەخوازێت.
بەشێوەیەکی بەردەوام قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە، چونکە قسە کردن بۆ منداڵ دەربارەی شتەکان وەکو یاریکردن و فلیمی کارتۆنی وایە بۆی، ئەوکاتە دایک و باوک زۆر لە منداڵەکانیان نزیک دەبن، ئەگەر ھاتوو ھەڵەیەکیشیان کرد ئەوا دان بە ھەڵەکایان دادەنێن.


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
11764بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - Jun 25 2022 12:14PM