»  گفتوگۆ

منداڵی ساوا بۆ چی دەگریێت ؟!

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
چەنج ھۆکارێکی جیاواز ھەن بۆ گریانی منداڵی ساوا لێرەدا ھەوڵدەدەین بەپێی توانا ھەندێک لەو ھۆکارانەتان بۆ بخەینە روو :

١. برسیەتی : 
یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گریان منداڵ برسیەتیە، لەبەر ئەمە ھەر کاتێک منداڵەکە ھەست بەبرسیەتی بکات پەنا دەباتە بەر گریان لەبەر ئەمە پێویستە لەسەر دایکان ئاگادار بن لە کاتەکانی پێدانی خواردن بە مندالەکانیان، چونکە ئەوان زوتر برسییان دەبێت .

٢. قرپ دانەوە بە  منداڵە : 
ھەرکاتێک منداڵ خۆراکێکی خوارد پێویستە لەسەر دایک و باوکەکە قرپێکی پێبهێننەوە بۆ ئەوەی ئەو بڕە ھەوایەی لە ناو گەدەیتی دەری بکات، ئەگەر نا منداڵەکە تووشی ژان دەبێت و ھەندێک جاریش ھەموو خواردنەکە دەڕشێنێتەوە .

٣. ژانە سک : 
یەکێکی دیکە لە ھۆکارەکانی گریانی منداڵ ژانە سکە، لەبەر ئەمە پێویستە دایک ھەست بەم شتە بکات و کەمێک زەیتی زەیتوون بھێنێت و سکی منداڵەکە بشێلێت بۆ ئەوەی ئەم ژانە سکەی نەمێنێت، ئەم حاڵەتانەش بەھۆی ھەرس نەکردنی جۆرە خۆراکێک روودەدات .

٤. جلی زۆر یا کەم : 
ھەر کاتێک منداڵ ھەست بکات ئەو جلەی لەبەری کراوە بۆی نابێت ئەوا پەنا دەباتە بەر گریان، ھەروەھا کاتێک جلی زۆری لەبەر دەکرێت و ھەست بە گەرما دەکات و یاخود جلی کەمی لەبەر بکرێت و ھەست بە سەرما بکات، ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ئەوەی منداڵ بگریێت، لەبەر ئەمە پێویستە دایکان و باوکان لەم بابەتە وریا بن .

٥. خەواڵوبوون : 
ھەر کاتێک منداڵ خەواڵو بوو و پێویستی بەخەو ھەبوو و دەرفەتی خەوی نەبوو، ئەوا پەنا دەباتە گریان لەبەر ئەمە پێویستە دایکەکان لەم حاڵەتە یارمەتی منداڵەکە بدەن بۆ ئەوەی خەوی لێبکەوێت، جا بەھەر شێوەیەک بێت، جا چ بە گۆرانی گوتن (گۆرانی منداڵانە و کە وشەکانی گونجاو و لەجێ بیت) بێت یا لایلایە یاخود لە باوەشی بگرێت تا دەخەوێت.

٦. یاری کردن : 
منداڵ زوو ھەست بە بێزار بوون دەکات لەبەر ئەمە پێویستە کەسێک ھەبێت یاری لەگەڵ بکات، لەبەر ئەمە پێویستە بەشێکی کاتەکانی خۆمان بۆ منداڵەکان تەرخان بکەین و یاری یان لەگەڵ بکەین، ھەروەھا پێویستە لەسەر دایک و باوکان قسە لەگەڵ منداڵەکان بکەن و چیرۆکیان بۆ بخوێننەوە، چونکە ئەم کارانە منداڵەکە دڵخۆش دەکات و زیرەکتر دەبێت .

٧. سۆز و خۆشەویستی : 
منداڵ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکە پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی ھەیە، لەبەر ئەمە پێویستە سۆز و خۆشەویستی پێبدرێت و دایکەکە لە باوەشی بگرێت چونکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەکە دەبێت و کاتێک گەورە بوو کەمتر روو لە توندووتیژی دەکات و کەسێکی میھرەبان دەردەچێت.

٨. شیردانی تەندروست :
پێویستە لەسەر دایکان تا توانایان ھەیە شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن، چونکە لە رووی تەندروستییەوە لە ھەموو شیرەکانی دیکە باشترە و دەبێت ئەم کارە دوو کاتژمێر تا سێ کاتژمێر جارێک دووبارە ببێتەوە و بەپێی پێویستی منداڵەکە .
بەڵام ئەگەر دایکەکە لە توانای نەبوو بەردەوام لە سەر شیر پێدانی منداڵەکەی، ئەوا وا باشترە ئەو شیرە بە کار بھێنێت کە رێگە پێدراوە لەلایەن دامەزراوە تەندروستیەکان و ھەروەھا دەبێت ئەم شیرە ڤیتامینەکان و ماددە کانزاییەکان لە خۆیەوە بگرێت .
ھەروەھا نابێت منداڵ شیری مانگا و یاخود شیری کەم چەور بخوات چونکە بۆ ئەو نابێت . 
ھەروەھا پێویستە لەسەر دایکان پێش ئەوەی شیر بە منداڵەکانیان بدەن شوشەی شیرەکە جوان پاک (تەعقیم) بکەن بۆ ئەوەی شیرێکی پاک بە منداڵەکانیان بدەن .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
12401بینین‌‌‌
ساڵ پێشتر - Jun 25 2022 12:14PM