»  ناودارانی كورد

بەشێک لە ژیانی مەستوورە خاتونی ئەر‌دەڵان

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
مەستوورەی خانی ئەر‌دەڵان

مەستوورەی ئەر‌دەڵان شاعیرو مێژوونووسی کوردە ناوی خۆی (ماە شەرەف خانم) بووە و نازناوی مەستوورە بووە. لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠٤ی زاینی لەبنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بەقەدربوون، لەشاری سنە ھاتووەتە دنیاوە.

پوختەیەک لە ژیاننامەی مەستورە خاتوون
ناوی (ماە ‌شەرەف خانم)‌و نازناوی (مەستوورە) بووە لەدەوروبەری ساڵی (١٨٠٤ز) لەبنەماڵەی قادرییەکانی سنە، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بەقەدربوون، لەشاری سنە ھاتووتە دنیاوە.

باوکی، ئەولەسەن بەگ (ئەبولحەسەن بەگ)، لەپیاوە ڕەسەنەکانی سنە بووەو (ماە ‌شەرەف خانمی) ناردووتە بەر خوێندن تا وەھای پێگەیاندووە کە ناو دەربکات لەزەمانی خو‌سرەو خانی ئەردەڵان، والیی سنە، کە بەناکام ناوبراوە، خان‌ و ماڵە قادرییەکان لەیەکتر ڕەنجاون‌ و ئاشتبوونەوەو بوونەتە خزم.

 مەستوورە بووتە خێزانی خوسرەوخان خانیش لەشیعرداناندا لەخانم نزیکبووتەوە لەدیوانی ھەردووکیاندا شیعر بەیەکدا ھەڵدانیان زۆر بەرچاوە. 
ماە شەرەفخانم جگە لەوەی ژنێکی شاعیر و بە توانا بووە، خاوەنی تاعەت و عیبادەتێکی باشیش بووە و، زۆر بە حەیا و حورمەت بووە. ژنێک بووە بە خەتخۆشیش ناسراوە و، سیفەتی بیرمەندی و وەچاخزادەیی تێدا بووە.

 مەستورەی کوردستانی لە ژیانیدا (٢٠) ھەزار بەیتە شیعری بە زمانی فارسی داناوە. بەڵام دیوانی شیعرەکانی بە ھۆی کێشە و قەیرانی ناو میرایەتی ئەردەڵانەوە ونبووە.

"حاجی شێخ یەحیا" ھەوڵێکی زۆری داوە کە ئەو بەیتە شیعرانەی مەستورە بدۆزێتەوە، بەڵام لە (١٠٠٠) بەیت زیاتری بۆ نەدۆزراوەتەوە. حاجی شێخ یەحیا ئەو شیعرانەی لە دیوانێکدا کۆکردۆتەوە و ناوی لێناوە "دیوانی ماە شەرەفخنامی کوردستانی" و، لە تاران بە چاپی گەیاندووە.

جگە لە شیعر مەستورەی کوردستانی وەک مێژوونوسێک کتێبێکی مێژوویی بە ناوی "مێژووی کوردستان" داناوە. ھەروەھا کتێبی دینی دەرکردووە لە بواری عەقیدە و شەرعدا، کتێبەکانی نیشانەی قوڵبوونەوەی بووە لە دینداریدا و  خۆشی دوانزە عیلمی تەواو کردووە و، وەک ھەر کەسێکی تری قوتابی دینی یان بڵیین وەکوو هەر فەقێیەک کە حوجرە تەواو دەکات زمانی عەرەبیشی خوێندووە. مەستورە خاتوون ئیجازەی دوانزە عیلمی وەرگرتووە.

لەقەسیدەیەکیدا کە بەم بەیتەوە دەستپێدەکات:

گرفتارم بەنازی چاوەکانی مەستی فەتتانت
بریندارم بەنێشی سینەدۆزی تیری موژگانت

ھەروەھا مامۆستا مەولەویی تاوەگۆزی لەپەسنی ئەو‌دا ئەم شیعرەی وتووە:
خورشیدەکەی ناز، ئەوجی بورجی سەور
سەرتوغرای دەفتەر مەحبووبان جەدەور
ھا لەخانەکەی بورجی شەرەفدا
نوورئەفشانیشەن وە ھەر تەرەفدا

مەستورە ھاوسەردەمی نالی شاعیر بووە و  نالی ھۆنراوەیەکی غەزەلی بە سەر مەستورەدا ھەڵداوە و، ئەو ھۆنراوەیە جەدەلێکی گەورەی تاکو ئەمڕۆش دروست کردووە.

ھەندێک ئەو ھۆنراوەیان بە ھەل زانیوە تا ھێرش بکەنە سەر نالی ھۆکاری دانانی ئەو ھۆنراوە نەزانراوە و، پێدەچی ئارەزوویەکی کاتی سەدەمی لاوی نالی بووبێت و لەو کاتەدا بووبێت کە نالی قوتابی بووە لە شاری سنە.

ماە شەرەفخانم لە ساڵی ١٨٤٨ وەفاتی کردووە و ھەر لە سنە بەخاک سپێرراوە .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
8084بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Jan 27 2018 5:27PM