»  ناودارانی كورد

بەشێک لە ژیاننامەی عەبدولرەحمان موفتی – شێرۆ

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
عەبدولرەحمان موفتی – شێرۆ (١٩٢١ - ١٩٩٥)

عەبدولرەحمان کوڕی عەبدولعەزیز کوڕی حاجی مەلا ئەمین کوڕی حاجی مەلا ئەحمەد (موفتی چاومار بوو) کوڕی مەلا مەحمودی پیر حوسەینی کوڕی مەلا محمەد دیلێژی کە دەگەڕێنەوە سەر بنەماڵەی (پیرخدری شاھۆیی).

عەبدولرەحمان موفتی لە ساڵی ١٩٢١ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، ھەردوو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردوە و دواتر خوێندنی ئامادەیی لە شاری کەرکوک تەواو کردوە . 
لەساڵی ١٩٤١ دەچێتە کۆڵێژی سەربازی دواتر بە پلەی مولازمی دووەمی تۆپھاوێژ دەردەچێت، عەبدولرەحمان پلە سەربازییەکان دەبڕێت تا دەگاتە پلەی لیوا . 
ماوەیەک دەبێتە یاریدەدەری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری ناوخۆ و دوای ساڵی ١٩٥٨ دەبێتە قایمقامی ئاکرێ، دواتر دەگەڕێتەوە نێو سوپا تا لە ساڵی ١٩٧٠ خانەنشین دەکرێت .

عەبدولرەحمان لە سەرەتای پێگەیشتنی خولیای ئەدەبی ھەبووە و یەکەم بەرھەمی خۆی لە ساڵی ١٩٣٦ لە رۆژنامەی (ژین) بڵاوکردەوە ئەم بەرھەمەشی بەناونیشانی (دیمەنی دوای نیوەڕۆ لە گوندی چنگیان ). 
دواتر بەرھەمەکانی خۆی لە ساڵی ١٩٤٤ لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاودەکردەوە گرنگترین وتاریشی بەناوی (شوشەی گوڵاو) بوو کە لە ژمارە ١٢ ی ساڵی ١٩٤٨ بڵاوکرایەوە . 
ئەم وتارەی دەربارەی بەشداری کردنی کردبوو لە جەنگی فەلەستین و لەوێ مایەوە تا جەنگ کۆتایی پێھات.

عەبدولرەحمان موفتی سەرجەم وتارەکانی لە کتێبێک کۆکردەوە بە ناونیشانی (دوا ماڵئاوایی) کە کۆکراوەی پەخشان و شیعرە کانیەتی و لە ساڵی ١٩٩٢ چاپکراکە پێشەکیەکەی لەلایەن دکتۆر کوردستان موکریانی نووسراوە .
جگە لەم کتێبە عەبدولرەحمان موفتی چەند بەرھەمێکی دیکەی ھەبووە وەک (خوازبێنی) و (پەیمان وژیان) و (پۆیلانەی بووکی کاروان).

ھەروەھا عەبدولرەحمان موفتی یارمەتیدەر بوو لە چاپکردنی شیعرەکانی مامی (بێخود)، ھەروەھا یارمەتیدەر بوو لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد کە لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو دامەزرا و نووسینگەی تایبەتی خۆی کردە بارەگای سەرەکی یەکێتیەکە.

مامۆستا عەبدولرەحمان موفتی لە ساڵی ١٩٩٥ کۆچی دوایی کرد .


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
3409بینین‌‌‌
6 ساڵ پێشتر - Mar 24 2018 3:26PM