»  کارگێڕی

تایبەتمەندیەکانی کڕینی ئۆنڵاین

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر لە رێگەی ئۆنڵاین شتوومەک دەکڕێت ، ئەمەش بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەردەست بوونی ئەنتەرنێت لە زۆربەی وڵاتان و شێوازی ئۆنڵاین بووتە بازاڕێکی گەرم بۆ خەڵکێکی زۆر چ ئەوانەی کاری فرۆشتن دەکەن یا ئەوانەی کڕیارن ، لەگەڵ ئەوەی ئەم بازاڕە بێ کەم و کوڕی نییە ، بەڵام تایبەتمەندی زۆر باشیش لە خۆ دەگرێت ، لەم بابەتە سەرنجتان بۆ ھەندێک لایەنە ئەرێنیەکانی کڕینی شتوومەک بە ئۆنڵاین رادەکێشین : 
١.کارەکە بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت : 
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کڕین بە رێگەی ئۆنڵاین ئەوەیە کارەکە بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت و دەکرێت بەرۆژ بێت یا شەوێکی درەنگ و لە چەند خولەکێک کارەکەت تەواو دەبێت . 
٢.باشترین نرخەکان : 
لە کڕینی ئۆنڵاین باشترین نرخت دەست دەکەوێت ، چونکە دەتوانی راستەوخۆ لەکۆمپانیاکان شت بکڕیت بێ ئەوەی کەسێکی دیکە ببێتە ناوەند لە کڕین و فرۆشتنەکە ، ھەروەھا دەتوانی بۆ ھەر کەلو پەلێک کە دەتەوێت بە دوای باشترین نرخ بگەڕێیت و ھەروەھا ھەندێک لە پێگەکان داشکانی باش دەکەن بۆ ئەو کەسانەی شتومەکی زۆر دەکڕن . 
٣. ھەمەجۆرییەکی زۆر ھەیە : 
لە کڕینی ئۆنڵاین شتوومەکی ھەمە جۆر ھەیە دەتوانی باشترین ماڕکەکان بکڕی بێ ئەوەی گەشت بکەیت بۆ ئەو وڵاتانە ، دەتوانی لە ناو وڵاتەکەی خۆت لە ھەر شارێک مەبەستە شت بکڕیت و بە چەند رۆژێک بگاتەوە دەستت و کەلوپەلەکان ھەمەجۆرن . 
٤. کۆنترۆل لەدەست خۆت دەبێت : 
لەکاتی بازاڕکردنی ئاسایی ھەندێک جار پارەی زیاتر خەرج دەکەین لەوەی خۆمان بۆی ئامادە کردبوو، بەڵام لە کڕینی ئۆنڵاین خۆت خاوەن بڕیار دەبی و ناچار نابی لەبەر خاتری کەس یا لە شەرمان شتێک بکڕیت کە بە دڵت نییە. 
٥. بەراورد کردنی نرخەکان ئاسانە : 
لەرێگەی ئۆنڵاین ھەموو جۆرە شتوومەکێک و ھەموو جۆرە نرخێک بەردەستە ، لەبەر ئەمە دەتوانی بە ئاسانی بەراورد لە نێوان نرخەکان بکەیت و کامەی بۆ تۆ گونجاوە  بیکڕیت . 
٦. ھیچ پاڵەپەستۆیەکت لەسەر نابێت : 
ھەندێک جار لە بازاڕکردنی ئاسایی ناچار دەبی شتێک بکڕیت و ھەرچەندە پێویستیشت پێی نەبووە ، چونکە خاوەن فرۆشگاکان شتوومەکەکەت بۆ دەڕازێنەوە بە شێوازی قسەکردنیان ، بەڵام لە ئۆنڵاین ئەم شێوازی فرۆشتنە نییە و ھەر شتێک دڵت لەسەری نەبێت نایکڕی . 
٧. دەتوانی کەلوپەلی بەکارھاتووش بکڕی : 
ئەنتەرنێت و کڕینی ئۆنڵاین ئەو دەرفەتەت پێدەدات بە ئاسانی شتوومەکی بەکارھاتوو بکڕیت و بەنرخێکی ھەرزانتر لەوەی تۆ پێشبینی دەکەیت . 
٨. کرداری کڕین و فرۆشتن بە نھێنیە . 
لەوانەی ھەندێک شت ھەیە تۆ دەتەوێت لەکاتی کڕینی کەسی دیکە نەزانێت تۆ کڕیووتە، لەم حاڵەتە کڕین لە رێگەی ئۆنڵاین باشتریت دەرفەتت پێدەدات بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی شتەکە بکڕیت . 
سەرچاوە | پێگەی المرسال 
 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
442بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Sep 15 2023 10:57AM