»  کارگێڕی

کڕینی ئۆنڵاین هەڵمەبژێرە!

ماموستا یاسین احمد - وه‌رگێری ماڵپه‌ر
لەگەڵ ئەوەی کڕین لە رێگەی ئۆنڵاین تایبەتمەندی زۆر باشی ھەیە ، بەڵام ئەم کارەش ھەندێک لایەنی نەرێنی ھەیە و دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵانە بیت . 
١.کاریگەری ژینگەیی خراپی ھەیە : 
بەھۆی ئەوەی ئەو شتومەکەی تۆ داوات کردووە لە شوێنێکی دیکە دێت ، ئەوا بە چەند چینێک نایلۆن و کارتۆن دادەپۆشرێت بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگاتە دەست ، ئەمەش زیان بە ژینگە دەگەینێت ، چونکە بۆ شتوومەکێکی کەم جاری وا ھەیە رێژەیەکی زۆر پلاستیک و نایلۆن و کارتۆن خەرج دەکرێت ، بەمەش زبڵێکی زۆر دروست دەبێت . 
٢.کێشەی ئەمبارکردن و درەنگ گەیشتن : 
یەکێک لە کێشە گەورەکانی کڕینی ئۆنڵاین ئەوەیە شتوومەکەکە لە وڵاتانی دیکە دێت و ئەم کارەش لەرووی ئەمبارکردن و ماوەی گەیشتنی دیار نییە ، ھەروەھا ھەندێک جار ھیچ دڵنیایەکیش نییە بۆ گەیشتنی کەلوپەلەکەت ، ھەندێک جار شتەکە ون دەبێت و ھەندێک جار دەشکێت و یا تێک دەچێت . 
٣. مەترسی فێڵکردن : 
یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی کڕینی ئۆنڵاین ئەوەیە ، ھەندێک پێگە ھەیە فێڵ لە کڕیارەکان دەکات و کەلوپەلی خراپ دەنێرێت بەتایبەتی ئەوانەی پێشەکی پارە وەردەگرن . ھەروەھا ھەندێکیان کاڵای ساختە دەنێرن و لەگەڵ ئەو شتەی تۆ داوات کردووە جیاوازی زۆرە . 
٤. کاتێک زۆر لەسەر ئەنتەرنێت بەسەر دەبەیت : 
زۆر مانەوە لەبەردەم کۆمپیۆتەر یا مۆبایل بۆ کڕینی شتوومەک ماندووت دەکات ، ھەندێک جار بێ ئەوەی ھەست بکەیت ، دەبینی کاتێکی زۆرت بەسەر بردووە بۆ کڕینی شتێک و نەگەیشتوویتە ھیچ ئەنجامێکیش ، چونکە شتوومەکەکان زۆرە و تۆش راڕای لە کڕینی شتەکان . 
٥. لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دوورت دەخاتەوە : 
ئەگەر شتوومەک لە رێگەی ئۆنڵاین بکڕی ، ئەوە وات لێدەکات ناچار نەبی بچییە دەرەوە بۆ کڕینی شتوومەکی خۆت ، ئەمە بۆ ھەندێک دۆخە ئاساییە بەڵام گەر بەردەوام بی لەسەر ئەم شێوازە ئەوا خۆت زیندانی دەکەیت لەماڵەوە و ناچیتە دەرەوە ھەوایەکی فێنک ھەڵمژی و گۆڕانگاری بکەیت و خەڵک ببینی و پەیوەندی نوێ دروست بکەیت ، ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر کەسایەتیت دەبێت . 
٦. نازانی چیت بەدەست دەگات : 
ئەگەر شارەزاییەکی تەواوت لە ماڕکەکان و شتوومەکەکان نەبێت ، نازانێت ئەو شتەی بۆت دێت چ کوالێتیەکە و ھەندێک جار قەبارەی شتەکان جیاوازە و یاخود بینینی سەر شاشە زۆر جیاوازە لەگەڵ بینینی راستەقینەی شتوومەکەکە ، لەبەر ئەمە ھەموو کات لە رێگەی ئۆنڵاین شتوومەک مەکڕە . 
٧. گەڕاندنەوەی شتوومەکەکە ئاڵۆزە : 
لەگەڵ ئەوەی ھەندێک شوێن ھەیە بە ئاسانی شتوومەکەکەت لێ وەردەگرێتەوە ، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە شتوومەک بە ئۆنڵاین دەفرۆشن بە ئەستەم لێت وەردەگرنەوە ، ھەروەھا خەرجی گواستنەوەکەشت ھەر لە ئەستۆ دەمێنێ و ئەمەش لە رووی ئابووری زیانی بۆ تۆ ھەیە . 
٨. پێگەی ساختە : 
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی کڕینی ئۆنڵاین ئەوەیە ، پێگەی ساختە ھەیە بۆ فرۆشتنی شتوومەک و ئەم شوێنانەش ساڵانە فێلێکی زۆر لە خەڵک دەکەن و شوێنیشیان نادیارە . 
٩. ھیچ یارمەتیدانێک لە کرداری کڕین نیە : 
لە فرۆشگا ئاساییەکان کاتێک دەتەوێت شتێک بکڕیت یەکێک ھەیە یارمەتیت دەدات لە رووی قەبارە و رەنگی شتوومەکەکە و یاخود ھەر پرسیارێکت ھەبێت وەڵامت دەدرێتەوە ، بەڵام ئەم کارە لەرێگەی کڕینی ئۆنڵاین نییە و ھەندێک جار زۆر پەشیمان دەبیتەوە لە کڕینەکە بەڵام بێ سوودە . 
١٠. بازاری فرۆشگا بچووکەکان لەناو دەبات : 
کڕینی ئۆنڵاین مەترسی لەسەر ئابووری تاک و بازارە بچووکەکان دروست دەکات و رێژەی بێکاری زیاتر دەکات ، بەتایبەتی ئەگەر رێژەیەکی زۆری خەڵک پەنای بۆ ئەم شێوازە برد ، چونکە فرۆشگا بچووکەکان لەبەر کەمی کڕیار ناچار دەبن شوێنەکانیان دابخەن و بێکار دەبن . 
سەرچاوە | پێگەی المرسال 
 


«  مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ کوردزۆن پارێزراوه »  
675بینین‌‌‌
8 مانگ پێشتر - Sep 15 2023 10:56AM