چی دەربارەی گیای چارەسەرکان دەزانی؟
گوڵە رەیحان یەکێکە لەو رووەکانەی لە زۆربەی ماڵەکانی کۆمەڵگەی خۆمان ھەیە و بۆنێکی خۆشی ھەیە و ئاسوودەیی بە دەروون دەبەخشێت، بەرزییەکەی لەنێوان ٦٠ – ٩٠ سم دەبێت و زۆربەی گەڵاکانی سەوزن و ھەندێکجار روو لە رەنگێکی سووری تۆخ دەکات .
رەیحان چەندین ناوی جیاوازی ھەیە لە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Basil) ، (Common basil) و (Sweet basil).
ھەروەھا لە زمانی ھیندی پێی دەگوترێت (Babui Tulsi) و لە زمانی عەرەبی پێی دەگوترێت (البدروج ، الحبق و الریحان). ئەم رووەکە لە بنەڕەتدا لە وڵاتی ئێران ھەبووە لەگەڵ وڵاتی سند و بەرزاییەکانی پەنجابی ھیندی.
ئەم رووەکە وەک رووەکی جوانکاری دەچێندرێت بەڵام چەندین سوودی گرنگی ھەیە .
رەیحان چەندێم پێکھاتەی ڤینۆلی لە خۆ دەگرێت کە ئەمەش وای کردووە ببێتە رووەکێکی تەندروستی و چارەسەری.
سوودەکانی رەیحان :
رووەکی رەیحان چەندین خەسڵەتی دەرمانی لە خۆ دەگرێت وەک چارەسەرکردنی زۆر ئارەقە کردن ، بەرەنگاربوونەوەی رشانەوە، بەرەنگاربوونەوەی سکچوون و زیاد کردن ئارەزووی سێکسی و بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا و فتریات .
ھەروەھا رەیحان زۆر بەسوودە بۆ نەخۆشی دڵ و خوێن و کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان و ئازاری ددان و کەمکردنەوەی ئازاری گوێ و راگرتنی خوێن بەربوونی لووت و بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ کارفور بەکارھێندرا .
ھەروەھا غەرغەرە کردن بە ئاوی رەیحان بۆنی ناخۆشی ناو دەم ناھێلێت .
ھەروەھا رەیحان وەک چارەسەری سەرئێشە بەکار دێت لەگەڵ لەرز و تا و کۆخە ، ھەروەھا رەیحان وەک پاککەرەوەی برین بەکاردێت و چارەسەری ئاوسانی پێست دەکات و ھەروەھا ھەندێکجار وەک چارەسەری گورچیلە بەکار دێت، ھەروەھا گەڵای رەیحان لە وڵاتی ئەسیوپیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەلاریا بەکار دێت.
ھەروەھا لەرووە زانستیەکەی رەیحان بۆ ئەم بوارانە بەکاردێت ، ھەرچەندە تا ئێستا بەتەواوەتی ئەم بابەتە یەکلایی نەبووتەوە و پێویستی بە توێژینەوە زانستی زیاتر ھەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەشێک لە پسپۆڕانی دەرمانی گیایی بە چارەسەری دادەنێن بۆ ئەم بوارانەی خوارەوە.
• زیپکە وقینچکە ، ھەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەکرێت دەرمانێک لە رەیحان دروست بکرێت و زیەتی پرتەقاڵ تێکەڵ بکرێت و دەتوانێت لەماوەی ٨ ھەفتە چارەسەری زیپکە و قینچکە بکات .
• چالاکی ھزری ، بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەکرێت بۆنی رەیحان وەک چارەسەرێک بۆ چالاکی ھزری بەکار بێت ، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ھەست بە ماندووبونی مێشک دەکەن .
• ھەروەھا رەیحان چارەسەری ئیشتھا نەکردنی خۆراک دەکات و ھەروەھا چارەسەر بۆ گرژبوونی گەدە و تێکچوونی گورچیلە و غازاتی گەدە .
• ھەروەھا رەیحان چارەسەری کرمی ناو لەش دەکات .
• دەکرێت رووەکی رەیحان وەک چارەسەر بەکار بێت بۆ پێوەدانی زیندەوەر و مار و چالاککردنی سووڕی خوێن .
• رەیحان ترشی ناوکی (DNA) لەش دەپارێزێت و دەتوانێت بەرەنگاری شێرپەنجە ببێتەوە .
• ھەروەھا لە ھەندێک توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە رەیحان توانای ھەیە ئازار کەم بکاتەوە و بەرەنگاری ئاوسان دەبێتەەوە و دژە ئۆکسیدە
• ھەروەھا رەیحان ماسولکەکانی دڵ چالاک دەکات و رێژەی شەکر لە خوێن کەم دەکاتەوە و ھەروەھا کۆلیسترۆل لەناو خوێن ھاوسەنگ دەکات.
• رەیحان کۆئەندامی بەرگری لەش بەھێز دەکات .
• رەیحان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ڤیتامین سی و ئاسن و مالسیۆم و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم .
چەند زانیارییەک دەربارەی رەیحان
لەسەردەمی یۆنانیەکان رەیحان وەک دەرمان بەکار ھاتووە بەتایبەتی لەلایەن پزیشکی یۆنانی (دیسکوریدۆس)، ئەمەش لە دێرنترین کتێبی پزیشکی یۆنانی ناوی ھاتووە (De Materia Medica) ، ئەو کات رەیحان وەک چارەسەر بۆ پێوەدانی دووپشک بەکار ھاتووە .
بەڵام ئەوروپییەکان رەیحانیان وەک رووەکی رێوەرەسمی ناشتن وبەکار ھێناو بە چاوێکی گوماناوی (متشائم) سەیریان کردووە .
ھەروەھا ھیندییە سوورەکان لە کاتی گیان لەدەستدانی کەسێک رەیحانیان لەگەڵ دەناشت بۆ ئەوەی وەک رێگەپێدەری بەھەشت بێت بۆیان.
ھەروەھا لە ساڵی ١٦٠٠ ئینگلیزەکان رەیحانیان بەکار دەھێنا لەسەر دەرگای ماڵەکانیان و دەرکردنی زیندەوەر و روحی خراپە لە ماڵەکانیان .
ھەندێک لایەنی نەرێنی بەکارھێنانی رەیحان .
ئەگەر ھاتوو رەیحان بەشێوەیەک تەندروست بەکارھات ئەوا سوودی ھەیە بەڵام ئەگەر ھاتوو رەیحان بەشێوەیەک بەردەوام و ھەڕەمەکی بەکار ھات ئەوا چەندین لایەنی نەرێنی لێدەکەوێتەوە لەوانەش :
• نزمبوونەوەی شەکرەی خوێن .
• بەکارھێنانی زۆری رەیحان دەبێتە ھۆی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر .
• ھەروەھا زۆر بەکارھێنانی کاریگەری دروست دەکات لەسەر تەندروستی منداڵ و ئافرەتی دووگیان .
• ھەروەھا ئەوانەی بەنیازن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن دەبێت دوو ھەفتە پێش وەختە رەیحان بەکار نەھێنن چونکە رێگری دەکات لە مەیینی خوێن .
• نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، روەکی رەیحا پاڵەپەستۆی خوێن دادەبەزێنێت لەبەر ئەمە ئەوانەی کێشەی نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێنیان ھەیە دەبێت دووربکەونەوە لە بەکارھێنانی ئەم رووەکە.
سەرچاوە | الموضوع
............................